لە شارەزوور سێ ئۆتۆمبیل بۆ پرسە هاتبوون و ئاگریان گرت

+964
ئەحمەد مستەفا

لە پشتەوەی مزگەوتی گەورەی قەزای شارەزوور سێ ئۆتۆمبیل سووتان، کە بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەک هاتبوونەوە مزگەوتەکە.

هەرسێ ئۆتۆمبیلەکە تا بەهاناوەهاتنی خەڵک و تیمەکانی بەرگریی شارستانی، بەشێکیان یان پارچەیەکیان سووتان، ئەو ئۆتۆمبیلەشی کە سەرچاوەی ئاگرەکە بووە دوورخراوەتەوە..

ئۆتۆمبیلەکان، تۆیۆتا کامێری، شۆفلێت ئەڤیۆ و نیسان ناڤاران بوون، کە ئاگرەکە لە کامێرییەکەوە سەرچاوەی گرتووە و زۆرینەی لاشەی ئۆتۆمبیلەکە سووتاوە.

لە بارەی رووداوەکەوە، رائید ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، بە 964ی وت، “تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە نەزانراوە، بەڵام بەڵگە و دیکۆمێنتی پێویست کۆکراونەتەوە”.

وتیشی، “تیمەکانمان لە شارەزوور گەیشتوونەتە سەر رووداوەکە، تا 30 خولەک و کۆنترۆڵ کراوە”. ئەوەشی وت، “لە رووداوەکەدا جگە لە زیانی سێ ئۆتۆمبیلەکە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا