“مانگانە بە بەهای دوو ملیۆن دینار کارەبا دەکڕم”

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

ئێستا کارەبای عەلوەکەی سلێمانی بە سیستمی پریپەید کاردەکات، خاوەن دوکانەکان دەڵێن زۆر لەسەریان دەکەوێت و دەچێتە مانگانەی دوو ملیۆن دینار.

لە ئێستادا ئەو سیستمی پریپەیدە لە هەموو شوێنەکان بەردەست نییە، تەنیا لە چەند بازاڕێکی سلێمانی، هەولێر و دهۆک هەیە وەکو تاقیکردنەوە.

لە پاش نزیکەی دوو مانگ لە کردنی سیستمی کارەبای عەلوەکەی سلێمانی بە پریپەید، خاوەن دوکان و شوێنەکان ناڕەزاییان لێی هەیە و پێیانوایە نرخەکەی گرانە.

عەلی هەورامی، خاوەن دوکانە لە عەلوەی سلێمانی، بە 964+ی وت، “ئیشەکەی ئێمە پێویستی بە ساردکەرەوە هەیە، ئەگەر رۆژێک کاری پێنەکەین ئەوا رسقەکەمان و ئەو خۆراکانەی هەمانە خراپ دەبن ،ئەگەر ساردکەرەوەکانیش کاربکەن، دەبێت هەفتەی ٤٠٠ هەزار دینار یان زیاتر بدەین بە کارەبا، کە بۆ یەک مانگ دوو ملیۆن دینار دەکات”.

لە سلێمانی چوار پرۆژەی نیشتەجێبوون و عەلوەکەش سیستمی کارەباکەیان کراوە بە سیستمی پریپەید و باڵانس بۆ کارەباکەیان دەکڕن.

حەسەن بارام، خاوەنی دوکانێکی دیکەیە لە عەلوەی سلێمانی و بۆ 964+ باسی لەوە کرد، گرانی کارەبا وایکردووە وەک پێشتر نەتوانن بەرهەمی زیاتر بهێنن چونکە خراپ دەبێت.

بە قسەی ئەو، ئەگەر تەنیا گڵۆپیش دابگیرسێنن، ئەوا دەبێت هێشتا مانگانە ١٠٠ هەزار دینار بدەن.

عەلوەی سلێمانی ١٨٤ دوکان و ٥٠ چێشتخانە و چایخانەی تێدایە، کە زیادکردنی باج و رسومات و بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەریان، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی سەوزە و میوە دەبێت.

سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بۆ 964+ی روونکردەوە، “پێوەری زیرەک و سیستمی پریپەید کێشەی نییە و زۆر باشە، بەڵام ئێمە کێشەمان لە نرخەکەیدا هەیە، حکومەت و وەزارەتی کارەبا نرخی کیلۆ واتێکیان وەک بازرگانی بۆ عەلوەی سلێمانی هەژمارکردووە ئەویش بۆ یەک کیلۆ وات ١٥٦ دینارە”.

ئەوان داوا دەکەن، ئەو نرخە تاوەکو ٣٦ دینار بۆ هەر کیلۆ واتێک داببەزێندرێت.

لە لایەکی دیکە، سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە رێگەی 964+ رەتیکردەوە کە ئەوان بتوانن هیچیان بۆ بکەن، چونکە بڕیار لەسەر نرخی کارەبا لە وەزارەتەوە دراوە.

بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، نرخی کارەبا کراوە بە پێنج جۆر، شوێنی بازرگانی ١٥٦ دینارە بۆ یەک کیلۆ وات، پیشەسازیی دوو جۆرن کە ١٢٠ و ١٤٠ دینارن، کشتوکاڵیی ٣٦ دینارە و ماڵانیش ١٨ دینارە.