سرێدز نوێدەکرێتەوە
+964
ئەحمەد عەبدوڵا
دوای تێپەڕاندنی 100 ملیۆن بەکارهێنەر، کۆمپانیای مێتا پلاتفۆرمی سرێدز نوێدەکاتەوە و چەند تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ زیاد دەکات.
سرێدز ئێستا ترێندی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیایە و بە خێراییەکی زۆر گەشە دەسەنێت بە رادەیەک رۆژانە دەیان ملیۆن بەکارهێنەری نوێی زیاد دەبن.
دوای گلەییکردنی بەکارهێنەرانی سرێدز لە شێوازی پیشاندانی پۆستی واڵەکانیان، ئادەم مۆسێریی بەڕێوەبەری ئینستاگرام وتی، مارک زوکەربێرگ خاوەنی کۆمپانیای مێتا رێکارێکی نوێی بە ناوی (thumbs up) بۆ پیشاندانی پۆست لە واڵی بەکارهێنەران پێشنیار کردووە و ئەوانیش کاری لەسەر دەکەن.
بەڕێوەبەرەکەی ئینستاگرام وتیشی، چەند تایبەتمەندییەکی دیکەش بۆ سرێدز زیاد دەکەن، وەک (دەستکاریکردنی پۆست، وەرگێڕانی پۆست بۆ زمانە جیاوازەکان و ئاسانکاری لە ئاڵوگۆرکردنی نێوان ئەکاونتەکانی سرێدز).
سرێدز پلاتفۆرمێکی نوێی کۆمپانیای مێتایە، کە بۆ رکابەریکردنی توویتەر دروستکراوە و شێوازەکەی لەو نزیکە، بەکارهێنەرانی ئینستاگرام دەتوانن بە کلیکێک ئەکاونت لە سرێدز بکەنەوە.