ئەمڕۆ زانکۆی ئاکرێ دەکرێتەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
چاوەڕوانی خەڵکی ئاکرێ و خویندکارانی ئەو ناوچەیە کۆتایی هات و ئەمڕۆ بە فەرمی زانکۆیان بۆ دەکرێتەوە.
د. رەشاد کەمال ئاکرەیی، راگری کۆلێجی پەروەردەی ئاکرێ بە 964ی وت، چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرمانی فەرمی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بە زانکۆ بوونی ئاکرێ، بۆیە ئەمرۆ رێوڕەسمی راگەیاندنی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان رادەگەیێنرێت.
بڕیارە بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا ئالان حەمە سەعید و سەرۆکی زانکۆی دهۆک دکتۆر داود ئەتروشی و چین و توێژە جیاوازەکان کاتژمێر 4:00ـی ئەم ئێوارە بە فەرمی زانکۆکە بکرێتەوە
وتیشی، دوای رێورەسمەکە رێکارە کارگێڕییەکان دەستپێدەکات و هەر ئەم ساڵ لیژنەی پسپۆری خوێندنی باڵا دابیندەکرێت، هەریەک لە کۆلێجی پەروەردەی ئاکرێ، کۆلێجی تەکنیکی، کۆلێجی ئینفۆڕماتیک و هەردوو پەیمانگای ئاکرێ و بەردەڕەش دەچنە سەر زانکۆکە.
ژمارەی خوێندکارانی کۆلێجی پەروەردەی ئاکرێ سێ هەزار خوێندکارن و ئێستا لە خوێندن بەردەوامن، کۆلێجەکە لە حەوت بەشی زانستی پێکهاتووە، ژمارەی خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکی ئاکرێ و کۆلیژی ئینفۆڕماتیک دەگاتە 950 خوێندکار و پەیمانگای بەردەڕەش 800 خوێندکار.
پێداچوونەوە: توانا نەقی