بکوژەکەی هاوڕێی خۆی بوو

964+

کاروان ستار – کەرکوک

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە چەمچەماڵ بکوژی ئەحمەد ئازاد، خوێندکارە یەکەمەکەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەستگیرکرا و دەرکەوت هاوڕێی خۆیەتی.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک بە 964+ی راگەیاند، بکوژەکە ویستویەتی بەرەو سلێمانی هەڵبێت، بەڵام پۆلیس و هەواڵگری کەرکوک و دەژتیرۆری یەکێتی لە چەمچەماڵ دەستگیریانکردووە.

ئەحمەد ئازادی تەمەن ١٧ ساڵ گەنجێکی کوردی خەڵکی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک بوو، یەکێک بوو لە یەکەمەکانی خوێندنی کوردی لە پۆلی ١٢.

رۆژی ٢٩ی مانگی رابردوو دوای رۆژێک لە ونبوونی، تەرمەکەی لە نزیک خانووەكانی سۆما سیتی لە شەقامی پشتێنەی كەركوك لە گەڕەكی شۆراو دۆزرایەوە.

ئەوکاتە عەقید عامر نووری شوانی، وتەبێژی فەرماندەی پۆلیسی كەركووك بە 964+ی وت، دوو فیشەک بە تەرمی ئەحمەدەوە نراوە، فیشەکێک بەر سەری کەوتووە و جێگەی فیشەکەکەی دیکەش بە سنگیەوەیە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، رۆژی ٢٨ی مانگی رابردوو، ئەحمەد لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە و لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی جۆری تەكسی سەرکەوتووە كە دوو كەسی دیكەی تێدابووە.

ئەحمەد بڕی ٨٠٠ دۆلاری پێ بووە بۆ كڕینی هێدفۆن و XBOX و هەندێك پێداویستی دیکە، لە دوای ئەو چوونەدەرەوەیە دیار نەماوە و بڕی ٣٠٠ دۆلار لە جزدانەكەیدا ماوە.