دوو ئوڤەرپاس لە زاخۆ دروستدەکرێن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای ئەوەی کە زاخۆ کرا بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ و بڕیاری بە قەزابوونی باتیفا و چونەسەر ئیدارەکە هەروەها کردنەوەی چەندان فەرمانگەی حکومی رۆژانە قەرەبەڵغی لەسەر شەقامەکانی زاخۆ دروستبووە
لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە پروژەی دروستکردنی دوو ئوڤەرپاسی تر راگەیندرا، یەکێکیان لە سەنتەری شاری زاخۆ کە رێگاکە بەرەو قەزای باتیفا و ناحیەی کانی ماسێیە، ئەوی دیکە لە شوێنی ترافیکلایتی پیشەسازی زاخۆ دروستدەکرێت.
دروستکردنی ئەو دوو ئوڤەرپاسە لەزاخۆ لە 80٪ قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە.
سەڵاح یوسف، “بەڕێوەبەری ئەندازەی پڕۆژەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە 964ـی وت، “پێشتر بڕیارمان دابوو ئەندەرپاس دروستبکەن، بەڵام کە راوێژ بە کۆمپانیا تایبەتەکان کرد ئەوان وتیان بە دروستکردنی ئەندەرپاس کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ دروستدەبێت، بۆیە ئەندەرپاس دروستناکەین و ئوڤەرپاس دروستدەکەین”.
وتیشی: ئێستا لە قۆناغی بەدواداچوونن بۆ ئەوەی دیزاینی دوو ئوڤەرپاسەکە دابنێن و بیر لەوە بکەنەوە چ شوێنێک بەر پرۆژەکە دەکەوێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەوان بخەمڵێنرێت و ئینجا دەستپێبکەن.
“پێدەچێت دوای دوو مانگی تر دەستپێبکەین، بەڵام ئەمە پێشبینییە نەک بڕیاری کوتایی چونکە دیراسەتکردنی بابەتەکە زۆر گرنگەبۆ ئەوەی دوای تەواوبوون توشی هیچ کێشەیەک نەبین” سەڵاح یوسف وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی