وێنەی ئەو دارانەی ماتۆڕسوارەکە ئاگری تێبەرداون وێنە:پۆلیسی دارستانی گەرمیان
پۆلیسی گەرمیان کەسێکی دەستگیرکردووە
“دەیانەوێت دارەکان بسوتێنن و شوێنەکەی بکەنە زەوی کشتوکاڵی”
964+
فەهمی نەبی
پۆلیسی دارستانی گەرمیان لە گوندی (گێژەکان) لە کەلار کەسێکیان دەستگیرکردووە، ماتۆڕێکی سێ تایەی لابووە و ئاگری لە دارەکانی قەراغی رووباری سیروان بەرداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی دارستانی گەرمیان لەکاتی چاودێری ناوچەکە، ئاگرێکیان لە دوورەوە بینیوە، دوای نزیکبونەوەیان لە شوێنەکە بینیویانە کەسێکە ئاگر لە دارەکانی ئەو ناوە بەردەدات، ئەمە بەوتەی پۆلیسی دارستانی گەرمیان.
سیامەند حەمەساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان لە کەلار، بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “لەماوەی ئەمساڵدا ئەوە پێنجەم کەسە لەسەر سوتانی دارەکانی چەمی سیروان دەستگیردەکرێن”.
بەوتەی سیامەند حەمەساڵح، هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون جوتیار بوونە، ویستویانە دوای سوتانی دارەکان شوێنی ئەو دارانە بکەنە زەوی کشتوکاڵی.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە رادەستی پۆلیسی گەرمیان کراوە.