باڵەخانەی بەڕێوبەرایەتی چاکسازی گشتی کۆمەڵایەتی - وێنە: 964
لەم ساڵدا زیاتر لە هەزار کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
بەپێی ئامارەکانی چاکسازی هەرێم، ژمارەی سزادراوان گەیشتوەتە پێنج هەزار و 39 کەس، لەم ساڵدا هەزار و 27 کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
ئامارەکان دەریدەخەن، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سێ هەزار و 231 سزادراو ئازادکراون، 75 خول و راهێنان و 131 سیمیناری جیاواز بۆ سزادراوان کراوەتەوە، هەر بەپێی ئامارەکان 32 هەزار و 998 سزادراو سودیان لە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانی چاکسازی وەرگرتووە.
ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازیەكانی هەرێم بە 964ی وت، “هەزار و 27 سزادراو لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 431 کەسیان بازرگانن و 596 کەسیان بەکارهێنەرن”.
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، رۆژانە یا هەفتانە مامۆستایانی ئاینی لە نێو چاکسازیەکان وتار بۆ بەندکراوان دەدەن، ئەمە لەکاتێکدایە 446 کەس سزای لە سێدارەدانیان هەیە.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم، 156 سزادراو هەن بۆ ماوەی یەک هەفتە، مۆڵەتیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو خێزانەکەیان، ژوانگەی خێزانی بۆ سێ هەزار و 45 سزادراو لەگەڵ خێزانەکانیان هەبووە.
ئامارەکانی چاکسازی دەریدەخەن، لە چاکسازیەکان 631 کەس بە مەرج ئازادکراون، چوار لە سزادراوان لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەرچووە، 338 خوێندکاری قۆناغە جیاوازەکانی خوێندنن کە لە بنەڕەتیەوە تا زانکۆیە، 601 لە سزادراوان لەماوەی ئەمساڵدا کاریان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازیەکانی هەرێم رایگەیاندووە، کار لەسەر ئەوە دەکەن لە داهاتوودا خەرجی بۆ ئەو منداڵ و نەوجەوانانەی لە نێو چاکسازیەکانن دابین بکەن، هاوکات سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر و چارەسەری بۆ سزادراون بکەنەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی