چارەسەری بارهەڵگرە بەرزەکان کراوە

رێگەی بەردەم تونێلی دەربەندیخان چاکدەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی هەرێم نزیکەی 500 ملیۆن دیناری بۆ رێگەی بەردەم تونێلی دەربەندیخان تاو دووڕێیانی ژاڵەناو تەرخانکردووە و بەو پارەیە قیرتاو دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 10.7.2023، سلێمان سەعید قایمقامی دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند، درێژیی رێگەکە حەوت کیلۆمەترە و هەموو ئەو بەشانەی رێگەکە کە خراپبوون، قیرتاو دەکرێت.

بەهۆی نۆژەنکردنەوەکە، ئێستا هەردوو رێگای رۆیشتن بە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی لە نزیک تونێل و ئاڕاستەی هاتن بۆ قەزای دەربەندیخان لە نزیک سەر شاخی بەرانان، بەربەست کراو، بۆ ئەو بارهەڵگرانەی کە بەرزییان لە چوار مەتر و 10 سانتیم زیاترە.

“هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەناو تونێل کە بەرزی زیاتر بێت لە چوار مەتر و 10 سانتیم رێگەپێنەدراوە، بە پێچەوانەوە هەر شۆفێرێکی بارهەڵگر سەرپێچی بکات، تووشی زەرەر و زیانی مادی زۆر دەبێتەوە، بەهۆی بەرکەوتنی بە بەربەستەکاندا”، قایمقامیەتی دەربەندیخان وا دەڵێت.

قایمقامیەتی دەربەندیخان داواش دەکات، ئەو بارهەڵگرانەی کە لە چوار مەتر و 10 سانتیم بەرزترن، رێگەی سەر شاخی بەرانان و رێگای ناوتاق بەکاربهێنن.