خاوەنی دوکانەکە رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە
دوکاندارێک شەش کیلۆ مریشکی بە حەوت کیلۆ حساب کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە قەزای دوکانی سەر بە سلێمانی دوکاندارێک کە کیلۆ مریشکی زیاتری لەسەر کڕیارەکانی حسابکردبوو، دوکانەکەی داخرا و رووبەڕووی یاسا کرایەوە.
ئەم کارەی دوکانداری مریشکەکە لەلایەن کڕیارەکانییەوە هەستی پێکراوە.
ئەمرۆ یەکشەممە 9.7.2023 سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان بە 964ی وت، لیژنەی چاودێری و ئابوری قایمقامیەتی قەزای دوکان بەهۆی فێڵکردن لە کێشانی مریشک دوکان دارێکیان سزای دارایی و یاسایی داوە.
ئەوەشی وت، لیژنەکە دوکانەکەشیان داخستووە.
بەوتەی ئەندامانی لیژنەکە بێت، دوکاندارەکە کاتێک مریشکی کێشاوە بۆ نموونە گەر بەدوو مریشک شەش کیلۆ بوبێ، خاوەن دوکان پارەی حەوت کیلۆی وەرگرتووە.
بەوتەی قایمقام بێت، لیژنەکان لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان بەدواداچونیان کردوە و پشتڕاست کراوەتەوە، داواشیکرد، “لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و فێڵێنەکردن لێیان هاوکاری لیژنەکانیان بن”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی