سەرمایەکەیان 600 ملیۆن دۆلارە

ئەمساڵ مۆڵەت بە 30 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە

964+

پێشەوا محەمەد

لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە 30 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەی 600 ملیۆن دۆلار.

لەو ژمارەیە هەشتیان پڕۆژەی پیشەسازی بوون و ئەوەکانی دیکەش کشتوکاڵی، نیشتەجێبوون و بازرگانی بوون.

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە ئەمساڵ مۆڵەت بە 200 پڕۆژەی وەبەرهێنان بدات و زیاتریش چاویان لە پڕۆژەی پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانییەکانە.

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان بە 964ـی وت، “کارنامەی کابینەی نۆ بە تایبەت لە وەبەرهێناندا زیاتر گرنگیدانە بە کشتوکاڵ، بازرگانی و پیشەسازی”.

روونیشیکردەوە، دەستەی وەبەرهێنان لە رێگەی نەخشەی وەبەرهێنانەوە پڕۆژەکان نمایش دەکات و دواتر ئۆفەر لە وەبەرهێنەران وەردەگرێت بۆ جێبەجێکردنیان.