دیمەنی نوێکردنەوەی یەکێک لە کۆنترین باخچەکانی رانیە.وێنە:964
یەکێک لە کۆنترین باخچەکانی رانیە نوێدەکرێتەوە
+964
ژێوار خدر – راپەڕین
باخچەی رەشەمێرگ کە یەکێکە لە کۆنترین باخچەکانی شاری رانیە و مێژوویەکی هەیە، نۆژەندەکرێتەوە، کە پێشتر ببووە شوێنی فڕیدانی خۆڵ و خاشاک.
رێباز پیرۆت یاریدەدەری بەڕێوەبەری شارەوانیی راپەڕین بە 964ـی وت: “بە هۆی ئەوەی پێشتر خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لەو باخچەیەدا فڕێدەدرا و ئەمەش سیمایەکی ناشیرینی بە شارەکە بەخشیبوو، بەهاوبەشی شارەوانیی رانیە و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین، بڕیارمان دا بە نۆژەنکردنەوەی باخچەکە.
وتیشی، کارەکان خۆی دەبینێتەوە لە دانانی بیهارتۆن بۆ شۆستەکا و دانانی کورسی و رووناکی بۆ باخچەکە.
“بودجەی تەرخانکراو بریتییە لە نزیکەی سێ ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانیی راپەڕین تەرخان کراوە و بڕیارە لە ماوەی یەک مانگدا تەواو بکرێت”. رێباز پیرۆت وای وت
هەروەها لە رێگەی 964ەوە داوای لە هاوڵاتیانی شاری رانیە کرد، کە چیتر زبڵ و پیسی و خاشاک لەوێ فڕێ نەدەن و ژینگەی باخچە و شەقامەکە بە جوانی بهێڵنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا