تەڕ و شیرین و پڕ ئاوە
كاڵەكە دێمەكەی زەڵێ پێگەیشت
964+
كوردستان ئەحمەد
نۆبەرەی كاڵەك لە دەشتی زەڵێ لە شارباژێر پێگەییوە و رەوانەی بازاڕەكان كرا.
دەشتی زەڵێ، بەناوبانگە بە كاڵەكی دێم، هەموو ساڵێك زیاتر لە 100 دۆنم زەوی دەكرێت بە كاڵەك و لە مانگی پێنجدا دەچێنرێت و لە مانگی حەوت و هەشتدا پێدەگات.
كاڵەكی دێم، بەو جۆرە كاڵەكە دەوترێت، كە لەكاتی چاندنیدا تەنیا پێویستی بە كێڵان هەیە و بژار و ئاودانی ناوێت.
دەشتی زەڵێ، سێ جۆر كاڵەك بەرهەم دەهێنێت، كاڵەكی زەرد و كاڵەكی رووشە و كاڵەكی سەوز، لەگەڵ شەمامە
ترۆزی و كالیار.
عەلی محەمەد، جوتیارێكی دەشتی زەڵێیە، زیاتر لە دە ساڵە حەوت دۆنم زەوی دەكات بە كاڵەكی دێم، قسەی بە 964ی وت، كاڵەكەكان كەمترین نەخۆشی دەگرن، شیرینن، كاڵەكە رووشە بەناوبانگترینە لێرە، بەڵام ئەگەر زوو نەچێنرێت، دەتەپێت و بۆگەندەكات.
دەشتی زەڵێ، دەشتێكی پان و بەرینە، لە بەرزنجەوە تا دەگاتە نزیك عەربەت چەندین گوندی تێدایە، دەشتێكی كاكی بە كاكی بێ ئاوە، بۆ بەرهەمی كاڵەك و كالیار و ترۆزی زۆر باشە.