داوای قوتابخانە و باخچە دەکەن

لەبەر نەبوونی قوتابخانە قیستی خانوەکانیان نادەن

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

دانیشتووانی پرۆژەی لانە سیتی لە کەلار دەڵێن لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، کۆمپانیاش دەڵێت پارەی قیستی مانگانە نادەن.

پروژەی لانە سیتی دەکەوێتە نزیک شەقامی پشتێنەی قەزای کەلار، لە ساڵی 2021 پرۆژەکە تەواو بووە و 330 ماڵی تێدایە.

دانیشتووانی پرۆژەکە دەڵێن، بەپێی ئەو گرێبەستەی واژومان کردوە دەبێت قوتابخانە و باخچە و نەخۆشخانە لەناو پرۆژەکە ھەبێت، بەڵام ھیچیان ئەنجام نەدراوە.

لەکۆی 330 بەشداربووی پرۆژەکە، نزیکەی 270 بەشداربوویان ئامادەنین قیستی مانگانە بدەن، ئەوانیتر بەشێکیان بەشێوەی نەقد خانووەکانیان کڕیوە و بەشێکیشیان مانگانە قیستەکان دەدەنەوە بە کۆمپانیا.

ئازاد محەمەد یەکێک لە بەشداربووانی پرۆژەی لانە سیتی، ئەو بە 964ى وت، “جگە لە خانوەکان ھیچ خزمەتگوزاریەک لەناو پرۆژەکە نەکراوە، لەبەر ئەو ھۆکارەیە قیستی مانگانە نادەین و دەمانەوێت قوتابخانەیەک لەناو پرۆژەکە دروستبکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای جێبەجێکار لەرێگەی دادگاوە سکاڵای تۆمارکردووە و دەیەوێت لەبری قیستەکان لە مووچەی کەفیلی بەشداربووان ببڕدرێت.

کۆمپانیای روناکی کە جێبەجێکاری پرۆژەی لانە سیتیە دەڵێت، بەپێی نوسراوی وەبەرھێنانی گەرمیان دروستکردنی ئەو خزمەتگوزاریانە لە ئەستۆی ئێمە نیە و تەنھا پارەی خانوومان لە بەشداربوو وەرگرتووە.

ئەحمەد حەسەن بەڕێوەبەری کۆمپانیای روناکی شار بە 964ى وت، “مافی خۆمانە سکاڵا تۆمار بکەین، لە ساڵی 2021 تاوەکو ئێستا ئەو بەشداربوانە لەناو خانوەکانیانن جگە لەو 60%ـەی کە تاکو وەرگرتنی کلیل داویانە ھیچ قستێکی تریان نەداوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەپێی گرێبەست لەدوای سێ ئاگادارکردنەوەی دادگا مافی ئەوەمان ھەیە گرێبەستەکانیان ھەڵبوەشێنینەوە، چاوەڕێی دانیشتنی دادگاین ئەگەر ئەوکاتیش ئامادە نەبن قیستەکان بدەنەوە ئەوە دەتوانین گرێبەستەکە ھەڵبوەشێنینەوە و خانوەکان بە کەسیتر بفرۆشینەوە”.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر