ئاوی زۆر بخۆوە

ئەگەر پلەی گەرما گەیشتە 50 چی بكەین؟

964+
كوردستان ئەحمەد

ئەمڕۆ و سبەی پلەكانی گەرما لە گەرمیان دەگاتە 51 پلە و كەشناسیش داوا دەكات ئاوی زۆر بخۆنەوە و ئەگەر پێوست نەبوو نەچنە بەر خۆر.

لە نزیكی كاتژمێر 11ی نیوەڕۆ تا دەگاتە سێ، پلەكانی گەرما لە ناوەندی قەزای كەلار و پێدەشتەكانی گەرمیان نزیك دەبنەوە لە 51، پسپۆڕانی تەندروستی و شارەزایانی كەشوهەوا ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن ئاو زۆر بخۆنەوە و نەچنە بەرخۆر.

لە كاتژمێر 11 تا كاتژمێر 3 مەچۆ بەرخۆر

دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە964ی وت، پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان لەم وەرزەدا بەرزتر دەبنەوە و لە چەندین ناوچەش دەگاتە 51 پلە، بە تایبەتی لە گەرمیان و دەوروبەری.

هەینی پلەی گەرما لە كەلار دەگاتە 51

گۆران عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی هەناوییە و شارەزاییەكی نێودەوڵەتی هەیە لە بواری پزیشكیدا، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ 964 وتی، لەوكاتەی پلەكانی گەرما دەگاتە 40 پلە پزیشكەكان رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن ڕۆژانە زیاتر لە 12 پەرداخ ئاو بخۆنەوە بۆ جێگرتنەوەی ئەو بڕە شلەمەنییەی جەستە لە رێگەی ئارەقكردنەوەوە لەدەستیداوە .

گۆران عەبدوڵا لە بەردەوامی قسەكانیدا وتی، بۆ هەركاتژمێرێك لانی كەم پێویستە یەك پەرداخ ئاو بخورێتەوە و ئەگەر ماوەی 8 كاتژمێر بخەویت و بەمەش 16 كاتژمێر دەمێنێتەوە، كە مرۆڤ بەخەبەر دەبێت، بۆ ئەوەش پێویستە 16 بۆ 12 پەرداخ ئاو بخورێتەوە، ئەمەش رێگریی دەكات لە وشكبوونەوەی لەش و بەرگری و توانای جەستە بە چالاكی دەهێڵێتەوە .

هەموو كاتژمێرێك پەرداخێك ئاو بخۆوە

ئەگەر پلەكانی گەرما40 و سەرووتر بێت، ئەوا ئامێری هەوا ساردكەرەوەی  وەك” سپلیت”و موبەڕیدە دادەگیرسێنرێت و باشتر وایە لەم رۆژانەدا پلەی گەرمای ئامێرەكەت لەسەر 24 دابنێیت، ئەمە تەندروستترە بۆ جەستەی مرۆڤ.

وتیشی، جگە لەوەش سەوزە و بەرهەمەكانی میوە بخورێت، وەك “كاهوو، شووتی، كاڵەك، بیبەری شیرینی قەبارە گەورەی رەنگ سوور و زەرد و پرتەقاڵی، چونكە بڕی پێویست كانزا و پێكهاتە پێویستەكانی تێدایە، كە جەستە دەیەوێت و لە هەمان كاتدا جەستە بە شێداری دەهێڵنەوە .

كاهوو، كەلەرم، كاڵەك، شووتی و بیبەری شیرین بخۆ

لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا، لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە، پلەكانی گەرما تا ئاستی 51 پلە و زیاتریش بەرزدەبنەوە و لە هەندێك بیابانەكانی خوارووی عێراقیش دەگاتە 60 پلە، ئەم بەرزبوونەوەیە تا ناوەڕاست و كۆتایی مانگی ئەیلولیش دەڕوات.