دیمەنێک لە کامێرای خاڵ لە هەولێر - وێنە: KRG
هاتوچۆی هەولێر دەڵێت:
لەو شوێنانەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراوە رووداوی هاتوچۆ رووینەداوە
964+
فەهمی نەبی
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، لەو کاتەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کارا کراوە هیچ رووداوێکی هاتوچۆ لەو نێوانانەدا رووینەداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، لەو کاتەوەی لە شەقامی 120 مەتری هەولێر کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کاراکراوە، هیچ رووداوێکی هاتوچۆ لەو شەقامەدا تۆمار نەکراوە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئەوەش دەڵێت، “لەو کاتەی بەربەستی قەراخی شەقامی 120 نوێکراوەتەوە، هیچ رووداوێکی خۆپێداکێشانی ئۆتۆمبێڵیش تۆمار نەکراوە”.
رۆژی 18.1.2023 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، هەواڵی دانانی سیستمی کامێرای Point to Point “خاڵ بۆ خاڵ” -ی لە شەقامی گشتی 120 بڵاوکردەوە، کە لە نێوان هەردوو شەقامی کەرکوک بۆ بنەسڵاوە بوو.
فازڵ حاجی دەڵێت، تا ئێستا تەنیا لە شەقامی نێوان کەرکوک بۆ بنەسڵاوە کاراکراوە و لە هیچ شوێنێکی دیکە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کارا نەکراوە.
کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، سیستمێکی نوێی تۆمارکردنی تیژڕەوییە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە بەرنامە لە هەموو شەقامی شارەکان بیچەسپێنێ، ئەو سیستمە بە شێوەیەکی ورد سزای سەرپێچی ئۆتۆمبێڵ تۆمار دەکات.