پۆلیسی هەولێر: قاسەدزی مزگەوتەکان دەستگیرکرا

964+

سەعید محەمەد – هەولێر

پۆلیسی هەولێر گەنجێکی ٢٢ ساڵەی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی دزینی قاسەی بەشێک لە مزگەوتەکانی شارەکە.

بەگوێرەی پۆلیس لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەست بەسەر “بڕێک” مادەی هۆشبەر گیراوە، لەگەڵ کەلوپەلی بەکارهێنانی مادەکان.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە 964+ی وت، ماوەیەک بوو سەرپەرشتیاری مزگەوتەکان ئاگاداریان کردوونەتەوە لە دزینی قاسەی بەشێک لە مزگەوتەکانی ناوشار و دەشتی هەولێر.

هەروەها دەڵێت، ئەو گەنجە دانی ناوە بەوەی ئەو قاسەکانی دزیوە، بەڵام هێشتا زانیاریی تەواویان لەبەردەست نییە کە بڕی ئەو پارانەی بردراون چەندە.

ئەوە جگە لەوەی بە وتەی پۆلیسی هەولێر ئەو گەنجە، دزی لە دەرمانخانەیەک بەناوی “ئارا” کردووە لە هەولێر.

گەنجەکە ناوی (ی.ن.م) و بەپێی مادەی ٤٤٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.