ته‌نیا له‌ پشده‌ر و بیتوێن 500 دۆنم سوتاوه

“جوتیارانى گه‌نم سووتاو قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، بێهیوایی خۆى راگه‌یاند له‌ به‌رامبه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و جوتیارانه‌ى كه‌ به‌هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانه‌وه‌ زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتبوو.

کاسترۆ مه‌عروف ئه‌حمه‌د، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ، به‌ 964ـى وت، زۆر هه‌وڵیانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جوتیارانى گه‌نم سووتاو قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام نه‌كراوه‌.

له‌ باره‌ى هۆكارى ئه‌و بێهیوایه‌ى وتی “نه‌ له‌ عێراق و نه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ یاسایه‌ك نییه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و جوتیارانه‌”.

كاسترۆ باسی له‌وه‌ش كرد، ده‌بوایه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌مێك بووایه‌ ئه‌و جۆره‌ یاسایه‌ى ده‌ربكردایه‌، به‌ڵام نه‌یكردووه‌.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئه‌مساڵ ته‌نیا له‌ سنوورى پشده‌ر و بیتوێن زیاتر له‌ 500 دۆنم گه‌نم و زیاتر له‌ هه‌زار دۆنمیش پووش و پاوان و جاڕه‌گه‌نمى جوتیاران سووتاون.