كچانی خه‌بات دوای هه‌شت ساڵ یاریی فوتساڵ ده‌كه‌ن

+964
سه‌عید محه‌مه‌د – خه‌بات

دوای هەشت ساڵ چاوه‌ڕوانی، بۆ یەکەم جار خولێکی یاریی فوتساڵ بۆ کچانی قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی خەبات کرایەوە و ئه‌مڕۆ خوله‌كه‌ كۆتایی هات.

له‌ خوله‌كه‌دا هەشت تیپ لە هەموو قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی خەبات بەشدار بوون، قوتابیانی لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ بەسەرەوە بەشدار بوون، خوله‌كه‌ له‌ نۆی مانگی رابردوو ده‌ستی پێكرد و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌وتی كانوونی یه‌كه‌م كۆتایی هات.

سەردار برادۆستی، بەرێوەبەری چالاکییە وەرزشییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی خەبات، بە 964+ی وت، ” لە دوای ساڵی ٢٠١٤بۆ یەکەمجاره‌ خولی فوتستاڵی کچان بۆ قوتابخانەکانی سنووری پەروەدەی خەبات دەکرێتەوە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کچان بتوانن تواناکانی خۆیان دەربخەن.

قوتابخانەی رێمان یارییه‌كه‌یان به‌ ٥-٠ گۆڵ برده‌وه‌ و نازناوه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنا

یاریی کۆتایی خوله‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو تیپی قوتابخانەی کۆمەڵگەی شەهیدانی رزگاری و رێمانی بنەڕەتی کچان بەڕێوەچوو، قوتابخانەی رێمان یارییه‌كه‌یان به‌ ٥-٠ گۆڵ برده‌وه‌ و نازناوه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنا.

مه‌عرووف حه‌مه‌د سه‌عید بەڕێوبەری پەروەردەی خەبات بە 964+ی وت، “ئێمە پالپشتی ئەم جۆرە خولانە دەکەین و هیوادارین کچانیش هاوشانی کوڕان بەشداربن و گرنگی بە تواناكانی خۆیان بده‌ن، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری وه‌رزشدا”.

لە سنووری پەروەردەی خەبات، نۆ قوتابخانەی بنەرەتی کچان و سێ قوتابخانەی دواناوەندی کچان، هه‌روه‌ها چوار قوتابخانەی ئامادەیی کچان هەیە.