کوشتارگەی سلێمانی: “بە هۆی “گەنە”وە 50 ئاژەڵمان رەتکردووەتەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا کوشتارگەی سلێمانی 105 تۆن و 350 کیلۆ گۆشتی ساغیان داوەتەوە دەست خاوەن قوربانییەکان.
ئەو رێژەیەش زیاتر لە 2 هەزار ئاژەڵی بچووک و نزیکەی 500 ئاژەڵی گەورە بوون، کە 50 حاڵەتیان هەڵگری گەنە و ڤایرۆس بوون و گومانی سەرەکی لێیان پەتای خوێنبەربوون بووە.
هەروەها سێ تۆن گۆشتیش، رەتکراوەتەوە، کە هەڵگری نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان بووە.
ئەمڕۆ شەممە 2.7.2023 دکتۆر شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، ئەم هەڵمەتە بۆ دوای جەژنیش بەردەوام دەبێت و کوشتارگەکان دەکەینە وێستگەی یەکەمی دەستکەوتنی گۆشتی سەلامەت و کوشتاری ئاژەڵەکان بۆ خەڵک.
ئەوەشی وت، بە سێ تیمی پزیشکی کاریان لەسەر سەلامەتی تەندروستی و دەستکەوتنی گۆشتی ساغ کردووە، تیمی پێش سەربڕین و تیمی پاش سەربڕین، هەروەها تیمێکی یەدەگمان بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان و لێکۆڵینەوەکان هەبووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا