چالاکوانانی زه‌ڕایه‌ن داواکارن تاسەیان بۆ دروست بکرێت

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ژمارەیەک چالاکوان لە زه‌ڕایه‌ن داوا دەکەن، بە هۆی فشاری زۆر لەسەر شەقامی ناوبازاڕی ناحیەکە، تاسەیان بۆ دروست بکەن، چونکە گرفتی بۆ پەڕینەوە دروستکردووە.

بەڕێوەبەری ناحیەى زه‌ڕایه‌ن بە 964ـى راگه‌یاند، ئه‌و چالاكوانانه‌ ده‌توانن بۆ ئه‌و داواكارییه‌یان نووسراویان بۆ بکەن.

ئەو چالاکوانانە، وەک بەرچاوڕوونی کە بۆ بەرپرسانی ئیداری ناحیەی زەڕایەن داواکارییەکەیان بڵاوکردووەتەوە، دەڵێن، “تکایە بەهۆی بوونی قەرەباڵغییەکی زۆر و لۆد لەسەر ناو بازاڕی گشتی، پەڕینەوە لە ناو بازاڕ کێشەیەکی گەورەی بۆ هاوڵاتی دروست کردووە”.

کامەران کەریم، کە دەستپێشخەری کارەکەیە و یەکێکە لە چالاکوانەکان، ئەمڕۆ شەممە 1.7.2023 بە 964ـی وت، “بەشێک لە هاوڵاتیان تەمەنیان زۆرە یان باری تەندروستیان باش نییە، کە رۆژانە دەپەڕنەوە”.

ئەوەشی وت “هەربۆیە تکامان وایە بەرپرسان بێنە سەرخەت و لەناو بازاڕ، واتە لەو شوێنانەی کە هاوڵاتی زۆر پێیدا دەپەڕێتەوە، لەبەر سەلامەتی چەند تاسەیەک دروست بکەن “.

964 پەیوەندی بە ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەرایەن کرد، ئەو وتی “ئەوان دەتوانن داواکاریمان پێشکەش بکەن، تا ئاراستەی هاتوچۆ و شارەوانیی زەڕایەنی بکەین، بۆ لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لەسەری”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن