چەمچەماڵ لە بارهەڵگر پاک دەکرێتەوە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
چەمچەماڵ بە دوو قۆناغ لە بارهەڵگرەکان پاک دەکرێتەوە و نابێت ئیتر بارهەڵگر لەناو کۆڵانی شارەکە رابگیردرێت.
بڕیارەکە لەلایەن قایمقامیەتی چەمچەماڵ دراوە و راستەوخۆ دوای جەژن جێبەجێ دەکرێت.
لە قۆناغی یەکەمدا گۆڕەپانێک لە دەرەوەی شارەکە دابیندەکرێت بۆ ئەو تەنکەرانەی نەفتاو گازی شلی lpg دەگوێزنەوە،، لە قۆناغی دووەمیشدا گۆڕەپانێک بۆ بارهەڵگرەکانی تر دابیندەکرێت.
لە ئێستا هەموو ئەو بارهەڵگرانە خاوەنەکانیان لەبەردەم ماڵەکەی یان گۆڕەپانی باخچەی گەڕەکانیان رایدەگرن.
لەچەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش دوو گەراجی گەورەی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سووتەمەنی و نەفتا و غازی شل هەیە، بەڵام خاوەنی بارهەڵگرەکان وەک پێویست نین و لەو دوو گەراجە بارهەڵگرەکانیان راناگرن.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی ئەمنی چەمچەماڵ بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت: لە دوای جەژن دەستدەکرێت بە رێکاری لابردنی تەنکەرەکانی سووتەمەنی و لەلایەن شارەوانی قەزای چەمچەماڵ و شارەوانی ناحیەی شۆڕش دوو گۆڕەپانی گەورە دابینکراوە و دەبێت لەو گۆرەپانانە تەنکەرەکانیان رابگرن.
دەشڵێت: بوونیان لەناو کۆڵان و گەڕەکەکان جێگەی مەترسیین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان، لە قۆناغی دووەمدا گشت بارهەڵگرەکان و فلاتەکان دەبرێنە دەرەوەی شار وجێگەی تایبەتیان بۆ دابیندەکرێت، چونکە بارهەڵگرەکانیش بونەتە مایەی بێزاری هاوڵاتیان.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق