منداڵێک لە کاتی نانخواردندا - وێنە: socialmedia
سکچوون و رشانەوە ئەم رۆژانە زۆرن
چۆن لە جەژندا خۆراکی تەندروست دەدەیت بە منداڵەکەت؟
964+
پێشەوا محەمەد
پزیشکێکی منداڵان هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان لە رۆژانی جەژندا ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت لە خواردنی ناتەندروست و زۆر خواردنی شەربەت و شیرینی.
هۆشدارییەکە لە کاتێکدایە سکچوون و رشانەوە بەهۆی گەرمای هاوین و خواردنی پیسەوە بە تایبەت لەناو منداڵاندا باوە.
تارا عەلی، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بە 964ـی راگەیاند، راستە جەژنە و رێگری لە منداڵ ناکرێت شیرینی و شەربەت نەخوات، بەڵام بە گرنگی دەزانێت دایک و باوکان سێ رێنمایی لەبەرچاو بگرن.
بە وتەی ئەو پزیشکە یەکەمیان ئەوەیە منداڵ پێویستە نانی بەیانی بخوات، چونکە تەندروست نییە بەبێ خواردنی نانی بەیانی شەربەت و شیرینی بخوات.
رێنمایی دووەم ئەوەیە دایک و باوکان کاتژمێر و نیوێک پێش نانخواردنی نیوەڕۆ و ئێوارە نەهێڵن منداڵەکەیان شیرینی و شەربەت بخۆن، چونکە گەدەی منداڵ بچووکە و زوو تێر دەبێت و وای لێدەکات نانی پێنەخورێت.
سێیەم رێنمایی ئەو پزیشکە ئەوەیە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت منداڵ جبس و خواردنەوە گازییەکان بخوات، چونکە ئەو پێی وایە سەرچاوەی سەرەکی بەدخۆراکین لە منداڵدا.