بەدواداچوون: وانەبێژانی سلێمانی لە رۆژانی پشوودا نیوە مووچەیان پێنادرێت

964+

دیلان محەممەد – سلێمانی

مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان پێنادرێت بۆ ئەو رۆژانەی کە پشووە و وانەی تێدا ناڵێنەوە، پەروەردەی سلێمانی وادەڵێت.

بەناز رەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی هیچ بڕیارێکی بەدەست نەگەیشتووە بۆ پێدانی نیوەی مووچەی وانەبێژان بۆ ئەو رۆژانەی کە پشووە و وانەی تێدا ناڵێنەوە.

رۆژی دوو شەممە، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕیارێکی دەرکردووە و چیدیکە مامۆستایانی وانەبێژ لەو رۆژ و مانگانەدا بێمووچە نابن کە پشووە و نيوەی مووچەکەيان پێدەدرێت.

وتیشی، بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە ئەگەر مامۆستایەکی وانەبێژ مووچەکەی ٤٠٠ هەزار دینار بێت ئەوا بۆ مانگی شەش و حەوتی هەموو ساڵێک کە پشووە نیوەی مووچەکەیان واتە ٢٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرێت.

بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم بڕیارە کەی جێبەجێدەکرێت یان بوونی هەیە، 964+ پەیوەندی کرد بە سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بەڵام ئەو پشتراستینەکردەوە و وتی، “وەزیر لێدوانی داوە و من هیچ لێدوانێک نادەم.”

بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، لە هەرێمی کوردستان زیاترلە ٣٢ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن و مووچەکەیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لە ٢٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٤٠٠ هەزار دینارە.