بەهۆی رەشەباوە
سەبەحبەحەكانی شەستییەكە شكانەوە
964+
دیلان محەمەد
لە سلێمانی شەوی رابردوو رەشەبایەكی بەهێز هەبوو، چەندین دار سەبەحبەحی شەقامی شەست مەتری سلێمانی شكانەوە.
سەبەحبەحەكان، گەورە بوون، بەڵام سروشتی دارەكە وایە، كە بەرگەی هەوای بەهێز ناگرن و لە ناوقەددا دەشكێنەوە.
بەھرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە تۆڕی 964 راگەیاند، لە کاتی رەشەبادا دارێکی زۆری سەبەحبەح دەشکێتەوە، نازانین چەند دار شكاون، بەڵام هەموو ساڵێك ئەو كێشەیان هەیە.
دارەكان هەندێكیان لە كەمەردا و هەندێكیش لە لق و پۆپەكاندا شكاونەتەوە، تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەش لەسەر شەقامەكە كۆنەكراونەتەوە، وا بڕیارە داری دیكە لە شوێنیان بچێنرێت.
داری سەبەحبەح دارێکی دۆستی ژینگەیە و نیشتمانی سەرەکی ئەم دارە باکووری هیند و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیایە، تەمەنی لە نێوان 150 بۆ 200 ساڵە، لە هەموو جۆرە خاکێک سەوز دەبێت، رەگەکەشی بە سێ مەتر بڵاو دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا