چەند کەسێک حوکمدران
پۆلیسی دهۆک ژمارەیەک ئامێری قومارکردنی تێکشکاند
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
لە درێژەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمهتبارانی قوماركردن لە پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ژمارەیەک لە ئامێرهكانی قوماركردن لەناوبران
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ی وت، بۆ ماوەیەکی درێژە هەڵمەتێک راگەیهندراوە، هەر کەسێک قوماربكات دەستگیر دەکرێت، ئەمڕۆش لە گۆڕەپانی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک ژمارەیەک لە ئامێرهكانی قومار لە جۆری “رۆلێت”، سندوقی فیشە، کارت و ئەو پەڕانەی تایبەتن بە یاریی قومار، لەلایەن پۆلیسەوە لەناوبران و تێکشکێنران.
وتیشی، بە پێی بڕیاری دادگای تایبەتمەند، بەهۆی ئەم تاوانەوە چوار کەس بە پێی بەندی 389، بڕگەی 1 لە یاسای سزادانی عێراقی حوكم دران.
“لەم ساڵدا تا ئێستا 84 سکاڵا تۆمارکراون لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دهۆک و بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی ناو شار، هەروەها پۆلیسی قەزاکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، لە کۆی ئەم سکاڵایانە زیاتر لە 200 کەس لەسەر قوماركردن دەستبەسەرکراون، هەروەها لە ساڵی 2022 ، 181 سکاڵا تۆمار کرابوو، زیاتر لە 300 تۆمەتبار دەستبەسەرکرابوون، ئەم هەڵمەتەش لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک بەردەوام دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگای لێکۆلینەوە لە پارێزگای دهۆک”، ، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک وای وت.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ههروهها داوا لە هاولاتیانی پارێزگاکە دەکات، ئەگەر گومانیان لە شوێنێک هەیە، کە قوماری تێیدا دهكرێت، با پۆلیس ئاگاداربکەنەوە.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا