سلێمانی سێ شوێن بۆ ئاژەڵ فرۆشتن دەستنیشانکرا
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، هاوڵاتیان لە رۆژانی جەژن تەنیا لە سێ شوێن دەتوانن مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ ئەنجامبدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.6.2023، قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند ئەو شوێنانەی هاوڵاتیان دەتوانن ئاژەڵەکانیان لێی بفرۆشن، هەریەکە لە هەواری شار، گەڕەکی کازیوە و مەیدانی ئاژەڵانە.
ئەو بڕیارەی قایمقامیەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی ئاژەڵە، بەتایبەت ئێستا کە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوەبوەتەوە.
964 لە سەرچاوەیەکی قایمقامیەتی سلێمانییەوە زانیویەتی، جگە لەو سێ شوێنە لە هەر جێگەیەکی تر کاری ئاژەڵ فرۆشتن بکرێت، کەسەکە سزا دەدرێت و ئەو شوێنەش دەڕوخێندرێت کە ئاژەڵی تێدا سەردەبڕدرێت.