لە سلێمانی.. لە جەژندا قوربانیکردن لەناو ماڵان قەدەغە دەکرێت

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لەگەڵ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمار نەکراوە بەڵام رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە توندتر کراوە، سەرۆکی بەشی هەناوی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: بیر لەوە کراوەتەوە بۆ جەژن قوربانیکردن لەناو ماڵان قەدەغە بکرێت.

ئەمرۆ سێشەممە 20.6.2023، تەندروستی سلێمانی و رۆژنامەنووسان دیدارێکیان ئەنجامدا، دکتۆر گۆران محێدین سەرۆکی بەشی هەناوی لە تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد کە هەنگاوی یەکەمی خۆپارێزییەکانیان لە سلێمانی بە دەرمانی رشتنی گۆشتفرۆشەکان دەستیپێکردووە و ئاگاداری ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی کراوە، هیچ قوربانییەک لە ماڵ و لەسەر شەقامەکان نەکرێ، جگە لە کوشتارگەکان.

دەشڵێت: بیرلەوە کراوەتەوە، کە لە جەژندا قوربانیکردن لەنێو ماڵەکاندا قەدەغە بکرێ، وە ئاسایش و پۆلیس بۆ ئەم کارە ئاگادارکراونەتەوە.

وتیشی “ئەگەر لە هەنگاوی یەکەمیدا بتوانین نیوەشی کۆنترۆڵ بکەین، کارێکی زۆرباشمان کردووە”.

بەپێی دواین ئامار بێت، لە عێراق 723 حاڵەتی گومانلێکراو بەتای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەدا 61 حاڵەتیان پشتراستکراوەتەوە و 36 کەسیش بەهەمان پەتا گیانیان لەدەستداوە.

لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 11حاڵەتی گوماناوی هەبووە، کە چوا حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر لە تاقیگە پشتراستکراونەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق