باندێکی دروستکردنی دۆلار و دیناری ساختە لە هەولێر دەستگیرکرا

964+

فەرمان سادق

لە هەولێر باندێکی دروستکردنی دۆلار و دیناری ساختە دەستگیرکرا.

باندەکە لە سێ کەس پێکهاتووە و کاری ساختەکردنی دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی کردووە.

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی ورد، هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان سێ تۆمەتباری سەرەکی باندێکی دروستکردنی دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی ساختە لە هەولێر دەستگیر بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لە کاتی دەستگیرکردنیان دەستبەسەر “پارە ساختەکراوەکان و گشت کەلوپەلەکانی ساختەکردنی دراو و دوو قالبی زێڕی ساختە و پارچەیەکی شوێنەواردا بگرن”.

ئەوانەی دەستگیرکراون، پەڕاوی لێکۆلینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادگا دەکرێن.