بریندارێكیش هه‌یه‌

مانگایه‌ك شەش کەسى به‌ گرتن دا

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

لە گوندێکی سەر بە قەزای ئاکرێ شەر لەنێوان دوو ماڵ روویداوە كه‌ ئامۆزاى یه‌كترن، شه‌ڕه‌كه‌ش له‌سه‌ر مانگایه‌ك بووه‌.

لە گوندی ئۆمەرخۆشان سەر بە قەزای ئاکرێ له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕه‌كه‌ شەش کەس دەستگیرکران و کەسێکیش بریندار بووە.

مقه‌ده‌م عیماد حسێن ئیبراهیم، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ـی وت، ئەمرۆ بەهۆی کێشەی ئاژەڵداری دوو ماڵ کە هەم دراوسێن و هەم ئامۆزای یەکترن شەڕ لەنێوانیان روویداوە و چەک بەکارهاتووە.

وتیشی “شەڕەکە لەسەر مانگایه‌ك بووە، یەکێک لەماڵەکان مانگا بەخێو دەکات، مانگاکەیان رۆیشتووە بۆ نێو حەوشی ماڵەکەی تر، دەمەقاڵی دروستبووه‌ و بووه‌ته‌ شەڕیان”.

باسی له‌وه‌شكرد، دەمودەست پۆلیسی ئاکرێ گه‌یشتنه‌ شوێنەکە و شەش کەس دەستگیركران و یه‌كێكیش بریندار بووه‌.

ده‌ستیان به‌سه‌ر دوو پارچە چەک لە جۆری “ کلاشینکۆف” دا گرتووە، به‌ڵام وته‌بێژ ده‌ڵێت “برینداره‌كه‌ به‌ فیشه‌ك بریندار نه‌كراوه‌، به‌ڵكو شوشه‌ى به‌ركه‌وتووه‌ و ته‌ندروستى جێگیره‌”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن