چوار رۆژی دیکە

بەغدا و ئەنقەرە بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

964+

فەهمی نەبی

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری تورکیا بۆ کاروباری وزە لە بارەی نەوتی هەرێم کۆببنەوە.

رۆژنامەی سەباح، کە زمانحاڵی فەرمیی حکومەتی عێراقە، لە ژمارە 5709ی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر زاری باسم محەمەد عەبادی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو هەواڵەی بڵاوکردوەتەوە.

بە گوێرەی وتەی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بێت، رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا کردووە رۆژی 19ی ئەم مانگە، واتا دووشەممەی داهاتوو، لە ئەنقەرە لە بارەی هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.

رۆژی 25ی ئاداری ئەمساڵ، دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا.

بە پێی لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق بێت، تورکیا هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی بۆ چاککردنەوەی بۆڕی جەیهان گەڕاندووەتەوە.