سێ کەس بە تۆمەتی غەشکردن لە تاقیکردنەوەکاندا دەستگیرکران

964+

پێشەوا محەمەد

لە کاتی هەوڵدانیان بۆ غەشکردن لە تاقیکردنەوەکاندا، پۆلیسی سلێمانی لە خوێندنگەیەکی ناوشار سێ تۆمەتباری دەستگیرکرد.

تۆمەتبارەکان ویستوویانە لە رێگەی ئامێری بێتەل و مۆبایلەوە کارەکە بکەن، “پۆلیس پێیاندەزانێت و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر بەشی نەهێشتنی تاوانی پۆلیسی رزگاری دەستگیریان دەکەن”.

وەک پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 14.6.2023 بڵاویکردووەتەوە، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێک و هەندێ کەلوپەلدا گیراوە، کە ویستوویانە غەشەکەی پێ ئەنجام بدەن.

دوو لە تۆمەتبارەکان تەمەنیان 21 ساڵە و ئەوی دیکەشیان 22 ساڵە، “بە بڕیاری دادوەر راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە”.

پێشتر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، رێکاری تووند بەرامبەر ئەوانە دەگرنەبەر کە هەوڵی ئەنجامدانی غەشکردن بدەن.

بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، هەر قوتابییەک لە وانەیەکدا غەشی لێبگیرێت رێگری لێدەکرێت بەشداری هیچ تاقیکردنەوەیەکی دیکە بکات و ئەو ساڵەی بە کەوتوو بۆ هەژمار دەکرێت.