قەسابخانەکان چاودێریی زیاتر دەکرێن

قاوشێکی نەخۆشخانەی شار تایبەت کرا بە تووشبووانی تای خوێنبەربوون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

قاوشێکی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی تایبەت کرا بە تووشبووانی تای خوێنبەربوون، تەندروستی شارەکە تیمەكانی هۆشیاریشی راسپارد كار و چالاكییەكانیان زیاد بكەن و زیاتر لە جاران سەردانی قەسابخانە و سەربڕخانەكان بكەن.

سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، تا ئێستا هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمارنەکراوە، تەنیا ئامادەکاری دەکەن، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی رێکخست بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە.

“بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی سەرجەم بەشە جیاجیاكانی راسپارد، ئامادەكاریی بكەن بۆ تای خوێنبەربوون و بڕیاری دا سەرجەم بەشەكان لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و رێنمایی تەندروستی زیاتر لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن لەسەر ئەو نەخۆشییە بڵاوبكرێتەوە”، تەندروستیی سلێمانی وا دەڵێت.

لە دوو هەفتەی رابردوودا، نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، تا ئێستا کەسێک لە سۆران، یەکێک لە هەولێر و یەکێکی دیکە لە کەرکوک بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە.