ساغكردنه‌وه‌؛ بالاك دژی پاڵپشتیكردنی هاوڕەگه‌زخوازان قسه‌ی نه‌كردووه‌

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌م رۆژانه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قه‌ته‌ڕ، وا بڵاو كرایه‌وه‌ مایكڵ بالاك ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ڵبژارده‌كه‌ و باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، تیپه‌كه‌ پاڵپشتیی بابه‌تێكی كردووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پیاوانه‌وه‌ نییه‌.

پڕوپاگه‌نده‌كه‌ چییه‌؟
له‌ چه‌ند میدیایه‌كی عه‌ره‌بی و كوردی وا بڵاوكرایه‌وه‌، بالاك وتویه‌تی، “ئێمه‌ چۆن ده‌توانین جامی جیهانیی پیاوان ببه‌ینه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ له‌وه‌ته‌ی مۆندیال ده‌ستی پێكردووه‌، پاڵپشتیی بابه‌تێك ده‌كه‌ین په‌یوه‌ندیی به‌ پیاوانه‌وه‌ نییه‌”، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ک به‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا پاڵپشتیی له‌ هاوڕه‌گه‌زخوازان ده‌كات.

هه‌واڵه‌ راسته‌كه‌ چییه‌؟
بە ساغکردنەوەی 964+، دوای گه‌ڕان و به‌دواداچوونی زۆر، ده‌ركه‌وت بالاك هیچ جۆره‌ لێدوانێكی له‌م جۆره‌ی نه‌داوه‌ و له‌ هیچ پلاتفۆرمێكی سۆشیال میدیای تایبه‌ت به‌ یاریزانه‌كه‌، پۆست و لێدوانێكی له‌م شێوه‌یه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ و له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، مایكڵ بالاك له‌ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی میگانتا قسه‌ی كردووه‌ و ره‌خنه‌ی له‌ یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا گرتووه‌، به‌ هۆی ئاستی خراپیان له‌ مۆندیال.

هه‌روه‌ها یاریزانه‌كه‌ی پێشووی مانشافت، ره‌خنه‌ی له‌ ئاستی ئه‌ڵمانیا و به‌ڕێوه‌به‌ری تیپه‌كه‌ گرتووه‌، به‌ هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی تیپه‌كه‌ له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕدا.

هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كاندا كرایه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ته‌نیا چوار خاڵی به‌ده‌ستهێنا.

مایكڵ بالاك، ئێستا ته‌مه‌نی ٤٦ ساڵە، ئه‌ستێره‌ی پێشووی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیایه‌ و له‌ ١٩٩٩ تا ٢٠١٠ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا یاریی كرد و ماوه‌یه‌كیش كاپتنی تیپه‌كه‌ بوو.
هه‌روه‌ها بۆ یانه‌كانی لیڤه‌ركوزن، بایرن میونشن، چێڵسیی ئینگلیزی یاریی كردووه‌.