زەردەهاڵ و خەرپانێ نارنجڵە داوای ئاوەڕۆ دەكەن

964+

كوردستان ئەحمەد

گوندەكانی زەردەهاڵ و خەرپانێ و نارنجڵە لە بناری هەورامان داوای سیتمی ئاوەڕۆ بۆ باخەكانیان دەكەن.

هەرچەندە ئەمساڵ بەشێكی زۆر لە كانیاوەكانی هەورامان بوژاونەتەوە، بەڵام بەهۆی ناڕێكوپێكیەوە لە سیستمی دابەشكردنی ئاو، بەشێكی زۆر لە باخەكان ئاویان دەستناكەوێت.

رۆژی هەینی، ئەنجومەنی هەر سێ گوندەكە كۆبوونەتەوە، یاداشتێكیان لە خاوەن باخەكان  وەرگرتووە بۆ ئەوەی داوا لە سەرۆكایەتی شارەوانی بیارە بكەن، خەمێك لە باخەكانیان بخۆن و ئاوەڕۆیان بۆ دروستبكرێت.

دیاری شەریف عەلی، ئەنجومەنی گوندی زەردەهاڵ بە 964ی وت، یاداشتەكە دەبەنە شارەوانی بیارە و داوا دەكەن كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت.

گوندەكان پێویستیان بە سیستمێكە ئاو لە كانیاوەكانەوە بگەیەننە ناو باخەكان.

پێشتر لە رێگەی میراوەوە نۆرە ئاو بۆ باخەكان دادەنرا و هەر رۆژە و ئاو دەدرا بەچەند باخێك، بەڵام ئێستا باخدارەكانی ئەو گوندانە داوادەكەن، ئەو سیستمە بگۆڕدرێت بە بۆری و ئاوەكە بگەیەنرێتە باخەكان.

گوندی نارنجڵە، زەردەهاڵ و خەرپانێ، دوو كیلۆمەتر لە دووری ناحیەی خورماڵەوەن و چوار كیلۆمەتر لە بیارەوە دورن، دانیشتووانی گوندەكان بە باخدارییەوە سەرقاڵن.