گەنجێک لە نەخۆشخانەیەکی کەرکوک رەگەزی خۆی گۆڕی

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک نەشتەرگەی گۆڕینی رەگەز بۆ گەنجێکی 19 ساڵ ئەنجامدراوە و بەرپرسانی تەندورستی شارەکە دەڵێن، ئەوە یەکەمجارە لە نەخۆشخانەیەکی حکومی عێراق رووبدات.

نەشتەرگەرییەکە رۆژی 7.6.2023 ئەنجامدراوە، بە سەرپەرشتی تیمێکی پسپۆڕ.

دەوترێت گەنجەکە پێشتر وەکو کچ ناسراوە، بەو نەشتەرگەرییە رەگەزی خۆی بۆ کوڕ گۆڕیوە.

لەوبارەیەوە، دکتۆر زیاد خەڵەف جبوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ی وت، “ئەم نەشتەرگەرییە لەسەر ئاستی عێراق و نەخۆشخانە حکومییەکان یەکەمجارە بکرێت”.

ئەو وتیشی، کە ئەو گەنجە لە بنەڕەتدا سیفاتەکانی رەگەزی نێری تیادا زاڵ بووە، ئەوان تەنیا ئەندامی زاووزێی کوڕانەیان بۆ داناوە.

رەگەزی بوونەوەران بابەتێکی زانستییە و پێویستە لایەنی پسپۆڕ یەکلایی بکاتەوە، بەپێی زانستی پزیشکی، هەندێکجار ناڕێکی کرۆمۆسۆمەکانی مرۆڤ دەبێتەهۆی تێکەڵبوونی سیفەتەکان.

زانست پێشنیازی ئەوە دەکات، کە ئەو بابەتانە بە هەستیاریی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەر لە هەر کەسێک پێویستە رێنمایی لە پزیشکی پسپۆر وەربگیرێت.