18 دۆسیەی لەسەرە

هاککەرە کەرکوکیەکە بە 22 ساڵ بەندکردن سزادرا

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

دادگای کەرکوک 22 ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر گەنجێکی هاککەر، بە تۆمەتی هاککردنی دەیان پەیج و ئەکاونت و گێچەڵکردن بە ژنان.

ماوەیەک بەر لە ئێستا دوای چەندین سکاڵای هاوڵاتیان، لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانی عێراقەوە گەنجێک دەستگیرکرا کە گێچەڵی ئەلیکترونی بە هاوڵاتیان دەکرد، بە تایبەتی کچان و ژنان و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی چەندین پەیجی دەکرد، رۆژی چوارشەممە، 7.6.2023، دادگای کەرکوک بە 22 ساڵ زیندانی سزای دا.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە  ئاسایشی نیشتیمانی کەرکوک بە 964ی وت، “ئەو گەنجە چەندین پەیج و ئەکاونتی دروستکردووە و هەڕەشەی لە کچان و ژنان کردووە بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان و هەروەها دوای هاککردنی هەر ئەکاونتێک داوای پارە و کارتی مۆبایلی کردووە”.

پارێزەرێک لەدادگای کەرکوک کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت بۆ 964ی باسکرد، “ئەو گەنجە نزیکەی مانگێک دەبێت دەستگیرکراوە و کەسوکارەکەی داوایان کرد ببم بە پارێزەری بەڵام ئامادە نەبووم ئەو دۆسیەیە بگرمە ئەستۆم”.

وتیشی، تاوەکو ئەوەندەی ئاگاداربووە 18 دۆسیە لە دژی ئەو گەنجە هاککەرە کراوەتەوە، هەروەها بەپێی یاسای ژمارە 430 سزادانی عێراقی بەندکراوە.