له‌ حاجیاوا

دروستكردنى هۆڵێكى بۆنه‌كان كێشه‌ی بۆ خه‌ڵك دروست كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ حاجیاواى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین دروستكردنى هۆڵێكی بۆنه‌كان كێشه‌ و گرفتى له‌ نێوان به‌شێكى خه‌ڵكه‌كه‌ دروست كردووه‌، ئه‌وانه‌ى دروستی ده‌كه‌ن پشتیان به‌ بڕیارێكی ئیداره‌ى راپه‌ڕینه‌وه‌ به‌ستووه‌ و ئه‌وانه‌ى دژى دروستكردنه‌كه‌شن، رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقافیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت، دروستكردنه‌كه‌ى نایاساییه‌.

كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و هۆڵه‌ى به‌ته‌مان دروستى بكه‌ن، زه‌وییه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو هۆڵى دیكه‌ى پرسه‌دانان، كه‌ چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا دروستكراون، به‌پێی رێنماییه‌كانى ئه‌وقافیش نابێت دووریى دوو هۆڵ یان دوو مزگه‌وت له‌ هه‌زار و 500 مه‌تر كه‌متربێت، ئه‌وه‌ى ئێستاش به‌ ته‌ماى دروستكردنین له‌لایه‌ک 60 مه‌تر له‌ هۆڵێك و له‌ لایه‌كى دیكه‌ش ته‌نیا 50 مه‌تر له‌ هۆڵێكی دیكه‌ى دروستكراو دووره‌.

به‌شێك له‌ چالاكوانان دژى ئه‌م دروستكردنه‌ن و ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ به‌فیڕۆدانى زه‌وییه‌ و “دروستكردنه‌كه‌شی دووره‌ له‌ ماستەرپلانی شار و بەبێ رەچاوکردنی بنەما ئەندازەییەکانه‌”.

ئه‌زوه‌ر جه‌عفه‌ر، قایمقامى قه‌زاى حاجیاوا (كه‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ به‌كارده‌هێنێت) به‌ 964ـى راگه‌یاند، دروسكردنى هۆڵه‌كه‌ كێشه‌ى كۆمه‌لایه‌تى دروست كردبوو، به‌ڵام ئێستا كێشه‌كه‌ نه‌ماوه‌ و هۆڵه‌كه‌ دروست ده‌كرێت.

وتیشی “نووسراوى فه‌رمى له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕینه‌وه‌ هاتووه‌ و بڕیاردراوه‌ هۆڵه‌کە له‌و شوێنه‌ دروست بكرێت، كه‌ ده‌ستنیشانیان كردووه‌”.

بە گوێرەی یاسای وەزارەتی ئەوقاف، كه‌ لەلایه‌ن پەرلەمانی کوردستانه‌وه‌ پەسەندکراوه‌ و له‌ ژماره‌ 243ـى رۆژنامه‌ى وه‌قائیعی کوردستان له‌ رۆژى 20.11.2019 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لە کاتی دروستکردنی مزگەوت و هۆڵی بۆنەکان، مەرجە دووریی نێوانیان هه‌زار و 500 مه‌تر بێت.

کۆمەڵَێک لە چالاکوانانی مەدەنی له‌ حاجیاوا یاداشتێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی له‌به‌رده‌ستى 964ـه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان له‌ سبەی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ لە داواکاری گشتیی حاجیاوا دژی زیادەڕۆیکردن و  تێکدانی نەخشەی شار و کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لێپرسراوانی حاجیاوا، سکاڵا تۆماردەکەن.

ده‌شڵێن “هاوڵاتیانی شارەکەمان و رای گشتی ئاگادارده‌کەینەوە، رێگربن لەو کارە و پەیام دەدەینە لایەنی پەیوەندار لە شارەکە، هەرچی زووە رێکاری توندی یاسایی بگرنەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە”.

پارچه‌ زه‌ویه‌ك له‌ حاجیاوا خه‌ڵكه‌كه‌ى كردووه‌ت...

پارچه‌ زه‌ویه‌ك له‌ حاجیاوا خه‌ڵكه‌كه‌ى كردووه‌ته‌ دوو به‌ره