ژمارەیەک چەک. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
پۆلیسی چەمچەماڵ دەڵێت وەرن چەکەکانتان تۆمار بکەن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دانیشتوانی چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەروبەری ئاگادار دەکرێنەوە بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانەی بێمۆڵەتن. پۆلیسی شارەکە تا 21.7.2023 دەوەستێت و دواتر رێکاری تووند دەگرێتەبەر.
چەکەکان جۆری تفەنگ و دەمانچە دەگرێتەوە و لە کاتی تۆمارکردنیاندا فۆڕمێکیان پێدەدەرێت، کە وەک مۆڵەتی سەرەتایی هەژمار دەکرێت تا خاوەنەکەی مۆڵەتی فەرمی بۆ دەردەهێنێت.
پۆلیسی چەمچەماڵ کەمێک بەرلەئێستا بڵاویکردووەتەوە، “ئەم رێکارانە بۆ سنووردارکردنی دیاردەی چەکداری و کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراوە لە سنووری قەزاکەمان”.
“لەدوای 21.7.2023 هەر چەکێک تۆمار نەکرابێت، رێوشوێنی تووند دەگرینەبەر کە دەستبەسەرداگرتن، سزای مادی و بەندکردنی خاوەنەکەی دەگرێتەوە”، ئەوەش لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی چەمچەماڵدا ئاماژەی پێدراوە.