ناوچەی پیشەسازی کۆیە لە ھاویناندا حاڵی خراپە

964+
دیلان محەمەد جەزا

بەھۆی دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەوە ناوچەی پیشەسازی کۆیە لە دۆخێکی خراپدایە، دوکاندارێک دەڵێت، حکومەت ھیچی بۆ دابین نەکردوون.

لە ساڵی 2006ـەوە ناوچەی پیشەسازی کۆیە دروستکراوە، لەو کاتەوە لایەنی حکومی پێی وتوون بۆ ماوەیەکی کاتی لەو شوێنەدا دەبن.

بڕیار بوو ساڵی 2014 ناوچەی پیشەسازییان لە دەشتی کۆیە بۆ دروستبکەن، بەڵام تا ئێستا حکومەت ئەو جێگایەی بۆ ئامادە نەکردوون.

وەستا رێبوار دوکاندارە لە ناوچەی پیشەسازی بە 964ی وت، ئەو ناوچەیە حکومەت فەرامۆشی کردووە و قیرتاویشی بۆ نەکردوون، لە وەرزی ھاویندا تۆز و خۆڵ دەیانخوات.

لەسەر ئەم بابەتە تاریق حەیدەری قائیمقامی کۆیە بۆ 964ی باسکرد، ناوچەی پیشەسازی دەبێت لە دەرەوەی شار بێت، لە رابردوودا جێگەیەک دیاریکراوە بۆ ناوچەی پیشەسازی بەھۆی گەورەبوونی کۆیە ئەو جێگەیە ئێستا شیاو نییە.

باسی لەوەکرد، جێگەیەک دابینکراوە رووبەرەکەی 1100 دۆنمە لە دەشتی کۆیە، شارەوانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانە بۆ ئەوناوچەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، چەند تێبینیەک لەسەر پلانەکەی ھەیە و چاوەڕوانی چاککردنین و پاشان پڕۆژەکە رادەگەیەندرێت.