مزگەوتێكی خانەقین ١٠٠ ساڵ تەمەنی تێپەڕاند
رێگری لە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت
+964
راژان مەجید – خانەقین
مزگەوتی مەجید بەگ لە خانەقین، ١٠٠ ساڵ تەمەنی تێپەڕاندووەو خەڵکەکە دەیانوێت نۆژەنی بکەنەوە، بەڵام شوێنەواری دیالە رێگرەو، دەڵێ؛ لە لیستی شوێنەوار دایە.
لە گەڕەكی مەیدانی شاری خانەقین پاش زیاد لە سەد ساڵ تەمەن فەرمانگەی شوێنەواری دیالە ڕێگری لە چاككردنی دەگرێت
مزگەوتی مەجید بەگ, لە شاری خانەقین بەیەكێك لە كۆنترین مزگەوتەكانی ئەم شارە دادەنرێت و ساڵی ١٩٠١ لەسەر دەستی مەجید بەگی باجەڵان دروستکراوە. ئەم مزگەوتە ساڵانێكی زۆرە خێرخوازانی خانەقین پێداویستییەكانی دابیندەكەن و چەند جارێكیش نۆژەنیان كردووەتەوە.
شيخ ئازاد ئەردەلانی، مەلای مزگەوتەکە بە +964ـی وت؛ لەبەر گەورەیی تەمەنی مزگەوتەکە، ئێستا پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بەڵام مزگەوتەکە خراوەتەسەر شوێنەواری دیالە.
زیاتر روونیکردەوە کە لەسەر نۆژەنکردنەوەکەی لەگەڵ فەرمانگەكانی شوێنەوار قسەیان کردووەو ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە نۆژەنی بکەنەوە، وتی “نەهاتنەوە بۆ نۆژەنکردنەوەکەی، بۆیە ئێمە و خێرخوازان بڕیارماندا خۆمان نۆژەنی مزگەوتەكە بكەینەوە، لەناو کارکردن بووین پێیانوتین کە دەستهەڵگرین و کارەکەش راگرین، ئەمەش وایکردووە مزگەوتەكە ماوەی مانگێکە داخەین و سەرجەم فەرز و چالاكییە ئاینییەكانی تیادا وەستاوە”.
+964 دەزانێت، مزگەوتی مەجید بەگ خراوەتەسەر لیستی شوێنەوارە دێرینەكانی پارێزگای دیالە، هاوکات شێخ ئازاد ئەردەلانی، ساڵانێكی زۆرە پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی مەجید بەگە لە خانەقین.
فەرمانگەی شوێنەواری دیالە بە شێخ ئازاد ئەردەلانیان وتووە؛ هەر شوێنێکی شوێنەواری بۆ نۆژەنکردنەوەی پێویست دەکات کەسانی پسپۆڕ و شارەزا چاودێری بکەن، بۆ ئەمەش بەمنزیكانە هەوڵ دەدەین ئەو پرسە یەكلایی بکەیەنەوە.