برنجەکە کرایە حەلەف

لە سۆران.. 25 تۆن برنجی ساختە دەستی بەسەردا گیرا

964+

ئاسۆ وەرتی – سۆران

لە بازگەیەکی سۆران دەستبەسەر 25 تۆن برنجی ساختە گیرا کە دەیانویست لە سلێمانییەوە بیگەیەنن بە دهۆک.

ئەو برنجەی دەستی بەسەردا گیراوە لەناو کیسەیەک کراوە کە لەسەری نووسرابوو برنجی (هیرا).

ئاسایشی بازگەکە کاتێک گومان دەخاتە سەر برنجەکە ئەوا قایمقامیەتی سۆران لە وەها رووداوەێک ئاگادار دەکاتەوە، دواتریش تیمی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سۆران لێکۆڵینەوە و پشکنین بۆ برنجەکە دەکەن و بۆیان دەردەکەوتووە کە نەک برنجەکە گوماناوی بووە بەڵکو 20 تۆن بووە بەگوێرەی مەنەفێست کەچی لەسەر قەپان 25 تۆن بووە.

مەنسوور محەمەد، راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا برنجمان نەدیوە بە ناوی هیرا، جۆری برنجەکە لەگەڵ کیسەکەیشی جیاواز بوو.

دەشڵێت: رێكاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر و برنجەکەش رەوانەی شاری هەولێر کرا بۆ کردنی بە حەلەف بۆ کێڵگە پەلەوەریەکان.

ئەمە یەکەمجار نییە کەلوپەلی خۆراکی کوالێتی خراپ بەتایبەت برنج لە هەولێر و سۆران دەستیبەسەردا بگیردرێت، لەماوەی کەمتر له هەفتەیەکدا ئەمە دووەم حاڵەتی دەست بەسەرداگرتنی برنجە له پارێزگای هەولێر رووبدات، پێشتریش 964 بڵاویکردەوە لەشاری هەولێر زیاتر له 40 تۆن برنج دەستی بەسەردا گیراوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق