سبەی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەستپێدەکات

٩٨ فیلم نمایشدەکرێن

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

سبەی پێنج شەممە ١ی کانوونی یەکەم، نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک دەستپێدەکات و لە ماوەی ٨ رۆژدا ٩٨ فیلم نمایشدەکرێن.

حەسەن عارف، بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بە 964+ی راگەیاند، فیلمی کوردی “بیکا بارانێ”ی دەرهێنەر حوسێن حەسەن وەک یەکەم نمایشی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە دەستنیشانکراوە و دەبێتە ئۆپنەری فێستیڤاڵەکە.

ئەمساڵ پۆسته‌رى فێستیڤاڵەکە گوزارشت له‌ پرسی ئاوارەبوون و كۆچبه‌رى ده‌كات و بەشێک لە فیلمەکان له‌ هۆڵى کەمپی ئاوارەکانی دوميز نمايشده‌كرێن و بەشێکی دیکەش لە هۆڵی سینەما و کونگرەکان لە ناوەندی دهۆک پیشان دەدرێن.

لەکۆی ٥٧٠ فیلم کە لە ماوەی سێ مانگدا داواکارییان پێشکەشکردووە، ٩٨ فیلم وەرگیراون کە ٥١یان فیلمی کوردین و ٤٧ فیلمیەکەی دیەش بیانین.

لەنێو ئەو فیلمانەی کە بەشدارییان کردووە، کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتەکان تەنیا بۆ ٥٥ فیلم دەبێت، كه‌ ئه‌وانیش ٢٧ فیلمى كوردى و ٢٨ فیلمى وڵاته‌ بیانییه‌كانن.

بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بە 964+ی وت؛ چوار لیژنە بۆ هەڵسەنگاندنی فیلمەکان دیارکراون کە هەر لیژنەیەک سێ بۆ چوار ئەندامی هەیە، فیلمەکانیش پێکهاتوون لە کورتەفیلم، دیکیۆمێنتاری، فیلمی کوردی درێژ، فیلمی بیانی درێژ، فیبرێسک.

ساڵی رابردوو هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بە ٩٤ فیلم نمايشكرابوو کە ٤٥ فیلمی کوردی و ٤٩ فیلمی بیانی بوون.