ئیدارەی زاخۆ: دوو ساڵە زیاتر لە 100 پرۆژەمان کردووە

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

نزیکدەبینەوە لە یادی دوو ساڵەی بەئیدارەبوونی زاخۆ و بە قسەی بەڕێوەبەرانی ئیدارەکە بێت زیاتر لە 100 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 70 ملیار دینار لەو ماوەیەدا کراون.

رۆژی 28.7.2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکرد کە زاخۆ ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ، بەڵام لە 21.9.2021 بڕیارەکە جێبەجێکرا.

شڤان عەبدی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە 964ی وت، سەرو %90ی ئەو پرۆژانەی کراون خزمەتگوزاری بوون وەکو رێگاوبان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، کارەبا و نۆژەنکردنەوەی شوێنی گەشتیاری.

هەروەها وتی، ژمارەیەک لەو پرۆژانە ستراتیجین و تا ئێستا کارکردن تیایاندا بەردەوامە، وەکو دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی کۆرنیشی پردی دەلال و دروستکردنی پێنج پۆند لەسەر خابوری زاخۆ و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆن و قیرتاوکردنی سەدان کیلومەتر جادە و راکێشانی کارەبا بۆ چەندین گوند.

باسی لەوەش کرد، لەم دوو ساڵەدا، بۆ یەکەمجار بەشی سووتان و شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی قەزاکە کرایەوە.