كوردانی رۆژهه‌ڵات بۆ شكستی ئێران ئاهه‌نگیان گێرا

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

دوای شكستی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران به‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، كوردانی رۆژهه‌ڵات هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌دان به‌ خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، ئاهه‌نگ و شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێیان ئه‌نجام دا.

شه‌وی رابردوو له‌ دواگه‌ڕی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قه‌ته‌ڕ، هه‌ڵبژارده‌ی ئێران له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مدا به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا دۆڕا و به‌مه‌ش له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ماڵئاوایی كرد.

له‌ دوای یارییه‌كه‌ش كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌ شاره‌ جیاجیاكانی وه‌ك مه‌هاباد، سنه‌، مه‌ریوان، سه‌قز و بانه‌ و بۆكان هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌دان به‌ خۆپێشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاهه‌نگی به‌ خۆشی دۆڕانی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران گێڕا.

وێنه‌ و ڤیدیۆی ئاهه‌نگگێڕانی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی ئێران له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ سێ یاریی كرد، به‌رامبه‌ر ئینگلته‌را و ئه‌مریكا دۆڕا و له‌ هه‌ڵبژارده‌ی وێڵزی برده‌وه‌.

كوردانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران، له‌ دوای كوژرانی ژینا ئه‌مینیی كچه‌ كورد له‌ تاران له‌ لایه‌ن پۆلیسی ئادابه‌وه‌ له‌ ١٦ی ئه‌یلولی رابردوو، سێ مانگ زیاتره‌ خۆپێشاندان و ناڕه‌زاییان ده‌ستپێكردووه‌، تا ئێستاش ده‌یان قوربانییان داوه‌ و به‌ هه‌زاران كه‌سیش ده‌ستگیر كراون.

ئاهەنگی کوردانی رۆژهەڵات بە بۆنەی شکستی ئێران – ڤیدیۆ سۆشیال میدیا