دارا محەمەد بۆ 964: بە مەرج مه‌شقی یانەکان وەردەگرم
964+
هێژا خه‌سره‌و – هه‌ولێر
راهێنه‌ر دارا محەمەد ئاشكرای كرد، مه‌شقی دوو یانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی لە وەرزی رابردوو ئەرکی راهێنانی یانەی چوارقوڕنەی وەرگرت و چەند گەڕێک پێشکۆتاییهاتنی خولەکە دەستیلەکارکێشایەوە.
دارا محه‌مه‌د حه‌بیب یاریزانی پێشووی نێوده‌وڵه‌تی، كه چه‌ند ساڵێكه بووه‌ته راهێنه‌ر، بۆ تۆڕی 964 هۆکاری رەتکردنەوەی ئەم دوو یانەیەی خولی نایابی کوردستانی بۆ ئەوە گه‌ڕانده‌وه، خولەکە کەمی مابووه و ئیدارەدان و وەرگرتنی تیپ لەم کاتەدا به بڕوای ئه‌و زەحمەت دەبێت، لەبەر ئەوە ده‌ڵێت، به داوای لێبوردنەوە هەردوو یانەکەی رەتکردووەتەوە.
ئێستا دارا بێ یانەیە و دەڵێت “بە نیازم ئەرکی راهێنانی یانەیەک وەربگرم، کە گرنگی بە سەرجەم ئاستەکان بدات لە لاوان و پێشکەوتووان، بۆ ئه‌وه‌ی کاربکەین بۆ پێگەیاندن و ناساندنی یاریزانی نوێ و لاو، هەروەها دەمەوێت یانەیەک هەڵبژێرم کارگێڕییەکەیان وەرزشدۆستبن و نامەوێت یاریزانان لە دەست کارگێڕیی یانەکە بناڵێنن”.
ئێستا سێ یانە داوای ئەو راهێنەرە کەرکوکییەیان کردووە، بەڵام نەیویست ناوی یانەکان ئاشکرا بکات و دەڵێت، “دەمەوێت خوێندنەوە بۆ بارودۆخی خۆم و یانەکەش بکەم، ئینجا یانەی گونجاو هەڵبژێرم”.
دارا پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی یەکەم و ئۆڵمپیی عێراق بووە، لە چەند یارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیشدا بەشدار بووه، هەروەها لە یانە دیارەکانی وەک “هەولێر، کەرکوک، زەوڕا و قوەی جەوییە و چەند یانەیەکی دیکەش یاریی کردووە، دوای وازهێنانیشی وەکو راهێنەر دەرکەوتووە و وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی چوارقوڕنە كاری كرد.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا