بیستۆک و قەڵەم جافی قۆپیکردنیان فرۆشتووە
باندێکی فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن دەستگیرکران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئاسایشی سلێمانی و راپەڕین، ئەندامانی باندێکیان لەسەر “فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن” دەستگیر کرد و دەڵێن، هەوڵیاندابوو قوتابیان فریوبدەن بەوەی کە گوایە بە ئۆنلاین پرسیاری پۆلی 12ـی ئامادەیی دەفرۆشن.
باندەکە لە سێ کەس پێکهاتوون و ئامێری بیستۆک و قەڵەم جافی قۆپیکردنیان پێگیراوە، لەگەڵ ئامێری پەیوەندیکردنی “بێسیم” کە “دەتوانرێت لەنێو جلوبەرگی ژێرەوەی پیاوان و ژنان بشاردرێتەوە”.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، تۆمەتبارەکان تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵدایە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، ئامێرەکانیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هێناوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان داوا لە قوتابیان دەکات، “هۆشیاربن و فریونەدرێن بەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12 دەکەن، هەروەها بەدووربن لە هەر ئامێرێکی قۆپیکردن”.