دیمەنێک لە ئەکادیمیای یانەی هەولێر. فۆتۆ: راگەیاندنی یانەی هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەیەوێت یاسا بۆ ئەکادیمیاکان دابنێت
964+
هێژا خهسرهو – ههولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دهیهوێت به هاوكاریی وهزارهتی رۆشنبیری و لاوان یاسا و مهرجی تایبهت به كردنهوه و بهڕێوهبردنی ئهكادیمیاكانی تۆپی پێ له كوردستان دهربكات و ئهكادیمیاكانیشی پێوه پابهند بكات.
لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان و دەستپێکردنی وەرزی هاوین، بەشێک لە یانەکانی کوردستان و چەند کەس و لایەنێک ئەکادیمیای تۆپی پێیان کردووەتەوە، بە مەبەستی پێگەیاندنی یاریزان، بەڵام ناڕێکی و وەرگرتنی زۆری یاریزانان و فێرخوازان فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانی بێزار کردووە.
تاریق عەبدولڕەحمان، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی: “ئاگاداری ئەوەین فێرگەکان و ئەکادیمیاکان بێسنوور یاریزان وەردەگرن، ئەمەش سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیەنێت و تەنیا پارە کۆکرنەوەیە، بەمجۆرە یاریزان پێناگات و تەنانەت ئەوانەی بەشدارن، جاری واهەیە لەبەر زۆریی یاریزان، ناتوانن هەموو یاریزانەکان تاقی بكهنهوه، بۆیه داوامان کردووە چەند مەرج و یاسایەک بۆ ئەکادیمیاکان هەبێت.
تاریق عەبدولڕەحمان لە درێژی قسەکانیدا دەڵێت: “لەگەڵ وەزیر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان قسە دەکەین و لەسەر ئەوە رێکدەکەوین کە دەبێت هەموو ئەکادیمیاکان مەرجەکانیان جێبەجێ بکەن، كه لە لایەن ئێمە و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانهوه مەرجهكان دادەنرێت.
“دیارترین مهرجهكان دانانی راهێنەری تایبەت، سنووردارکردنی وەرگرتنی یاریزان و بوونی پزیشکی تایبەت بە ئەکادیمیاکە دەبێت، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم مەرج و یاسایانەش ئەکادیمیاکان بە نووسراوی فەرمی پشتگیریان پێدەدرێت و لەژێر چاودێری ئێمەدا دەبن”، سهرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان وای وت.
ئێستا چەند یانەیەکی وەک ههولێر، برایەتی، بروسک و ئاسۆ له شاری ههولێر، جگە لە چەند کەس و لایەنێکیش ئەکادیمیایان کردووەتەوە و هێشتا یانەی دیکەش بەنیازی کردنەوەی ئەکادیمیان.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا