نه‌كه‌ن به‌بێ نان و ئاو بچنه گۆمى بێكۆدیان
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وته‌بێژى پێشووى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، هۆشدارى ده‌داته خه‌ڵك و پێیان ده‌ڵێت نه‌كه‌ن به‌بێ نان و ئاو بچینه گۆمى بێكۆدیان، چونكه په‌شیمانى به‌دواوه‌یه.
گۆمی بێکۆدیان كه‌وتووه‌ته زنجیرە چیای سەکران لە باڵەکایەتی سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، یه‌كێك له دڵڕفێنترین دیمه‌نه‌كانى ئه‌و سنووره‌یه.
نادر روستى، وته‌بێژى پێشووى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه لە ناوه‌ڕاستى مانگى داهاتووه‌وه، دیمەنە جوانەکانی گۆمی بێکۆدیان، بەشێوەی ئەم وێنەیە ده‌بێت كه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
بۆ ئه‌وانه‌ش كه ده‌یانه‌وێت سه‌ردانى ئه‌م گۆمه بكه‌ن، ئه‌وه‌یان بۆ روونده‌كاته‌وه، كه بۆ گەیشتن بەم دیمەنە پێویستە شه‌ش بۆ حه‌وت کاتژمێر بە رۆیشتنێکی نۆڕماڵ بڕۆن، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ش پێویستت به چوار بۆ پێنج كاتژمێر ده‌بێت.
نادر روستى، هۆشدارى ده‌داته ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ده‌یانه‌وێت سه‌ردانى ئه‌و شوێنه بكه‌ن و ده‌ڵێت “بەبێ رێنمایی و بەبێ رێبەر و وەرگرتنی زانیاری پێشوەختە و به‌بێ ئاو و خۆراکی پێویست هەرگیز گەشتی بۆ نەکەن”.
ناوبراو پێیوایه، هه‌ركه‌سێك (جگه له شاخه‌وانه به ئه‌زمونه‌كان) سه‌ردانى ئه‌و شوێنه بكات توشی هیلاکەت و ئازار دەبێت و پەشیمانی لە دواوه‌یە، چونكه ده‌ڵێت “لە ئێستادا بەشێکی زۆری رێگاکەی ئه‌و گۆمه بە بەفر داپۆشراوە، هاتوچۆ بەسەریدا ئاسان نییە”.