بە رێژەی 25% زیادی کردووە

لە سێ مانگدا سەرووی دوو ملیۆن گەشتیار رووی لە کوردستان کردووە

964+

فەرمان سادق

لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی پارساڵ رێژەی گەشتیار بەڕێژەی 25% زیادیکردووە، هاوکات گەشتیاری رێژەی گەشتیاری بیانیش بە هەمان رێژە زیادی کردووە.

لەلای دەستەی گەشتوگوزار،ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن پۆلێنی سەر سێ بەش دەکرێن، گەشتیاری ناوخۆ، گەشتیاری ناوەڕاست و باشوور و گەشتیاری بیانی.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، بێگومان زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراقە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیاریان هاتوونەتە کوردستان.

دەشڵێت: بەراورد بە پارساڵ لە هەمان ماوەدا بە رێژەی 25% ژمارەی گەشتیار زیادیکردووە، هاودەم گەشتیاری بیانیش بە رێژەی 25% زیادی کردووە.

زیاتر وتیشی “گەشتیاری بیانی لە 2022، لە کۆی ساڵەکە رێژەیان 15% بوو، بەڵام تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە رێژەی  25% زیادی کردووە، بەشێک لەوان گەشتیاری پێنج وڵاتی کەنداوی عەرەبین”.